حکومەتى عێراقى ماتەمینى بۆ قوربانیانی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ رادەگەیێنێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریدا 21ى تەممووزى 2022 ماتەمینیى گشتى بێت لە عێراق بۆ ئەو نۆ کەسەى کە لە تۆپبارانەکەی سوپاى تورکیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گیانیان لەدەستدا.

ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە بەوەى رۆژى پێنجشەممە 21ى تەممووزى 2022 ماتەمینیى گشتیی رابگەیێندرێت لە سەرانسەرى عێراق بۆ کوژراوانى بۆردوومانەکەى سنووری زاخۆ.

20ى تەممووزی 2022 بەهۆی تۆپبارانێکەوە لە ناوچەیەکی گەشتیاریى گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات وەزارەتى دەرەوەى عێراق دۆسیەى پرسە بۆ کوژراوانى تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ دەکاتەوە لە باڵەخانەى ئەو وەزارەتە لە بەغداى پایتەختی عێراق و سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکانى لە دەرەوەى وڵات.