سورییەکان لە زۆرترین داواکارەکانی مافی پەنابەرین لە ئەوروپا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا، نزیکەی یەک ملیۆن داواکاری مافی پەنابەری لە لایەن سورییەکان بە پلەی یەک و دواتر ئەفغانییەکانەوە، لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشکەش کراون و ئەمەش نیشانەی زیادبوونی بەرچاوە لەو داواکاریەدا لە ساڵی 2021وە بە رێژەی نزیکەیی 50%.
ئاژانسی پەنابەری یەکێتیی ئەورووپا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی ساڵی 2022دا 966 هەزار داواکاری بۆ پاراستنی نێودەوڵەتییان پێگەیشتووە، کە زۆرترین ژمارەیە لە ساڵی 2016ەوە.
سورییەکان، پاشان ئەفغانییەکان و تورکەکان بە زۆریی ژمارەی داواکاریی پەنابەری لە پێشەنگی لیستەکەدا بوون، کە بۆ ژمارەیەکی بەرفراوانی نەتەوەکانی دیکەش زۆر بوون.
زیادبوونی زۆری ژمارەی داواکاری مافی پەنابەری لە ماوەی ساڵی رابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ لابردنی سنووردارکردنەکانی پەیوەست بە کۆڤید-19 و ئەوانی دیکە کە پەیوەندییان بە ململانێ و نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە هەیە لە سوریا، کە پاڵنەرێکی بەهێز بووە بۆ پەناهەندەبوون.
ئەم ئامارانە بە رەچاو نەکردنی ئەو 4 ملیۆن کەسە دێت کە لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون و سوودمەندن لە مافەکانی پاراستنی کاتی.
سورییەکان بە 132 هەزار کەس، وەک گەورەترین گروپی داواکاران مانەوە، دواتر ئەفغانیەکان بە 129 هەزار کەس، زیاترین داواکاریی پەنابەرییان پێشکەش کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021، تەنانەت گەورەترین ژمارەشە لە ساڵی 2016ەوە.
داواکاریەکانی پەنابەری هاوڵاتیانی تورکیا بە 55 هەزار داواکاری لە پلەی سێهەمدان، لە دوای ئەویش هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا بە 51 هەزار و کۆڵۆمبیا بە 43 هەزار داواکاری دێن.
هەروەها ژمارەکە هەزاران داواکاری لە وڵاتانی عەرەبی لە باکووری ئەفریقا و هیندستان و مۆڵدۆڤاشی لەخۆگرتبوو.