کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر گوندی گەشتیاری پەرخ باردەوامن

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی تورکیا بۆسەر گوندی پەرخی گەشتیاری نزیک پارێزگای دهۆک 9 هاوڵاتی سیڤیل گیانیان سپارد و نزیکەی 30 کەسی تر بریندار بوون، سەرجەم قوربانیەکان هاوڵاتی عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، لە ناو کوژراوەکاندا منداڵی تەمەن یەک ساڵان هەن.

ئەمەش کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوخۆوە هەریەکە لە سەرۆک کۆماری و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی کردەوە سەربازیەکەیان کرد، مستەفا کازمی سکاڵایەکی بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کرد و پرسەی گشتی لە عێراق راگەیاند.

کاردانەوەکە لای موقتەدا سەرد رێبەری رەوتی سەدر توندتر بوو، لە تویتێکدا تایبەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و سنوری زاخۆ رایگەیاند، تورکیا کارە قێزەونەکانی زیاتر بووە، وتیشی : “تورکیا واده‌زانێت عێراق ناتوانێت وه‌ڵامی بداته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی لاواز ئیدانه‌ی بکات.”

وەک کاردانەوە  لەوە سەد ئەم خاڵانەی خستە روو :

١. نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ توركیا كه‌مبكرێته‌وه‌.

٢. فرۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ زه‌مینییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن.

٣. به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سكاڵا بۆلای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رز بكرێته‌وه‌.

٤. رێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌.

٥. ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر پارێزگاكانی باكوور و هه‌رێم چیتر قبوڵنەكرێت.

لە لایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ناڕەزایەتیان دەربڕی بە بێ ئاماژەدان بە لایەنی بکەری کردەوەکە، ئەمڕۆش رایانگەیاند کە لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی دەکەن بۆ بەدواداچوونی ئەو مەسەلەیە.

لە لایەکی تریشەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی دژ بەو کردەوە سەربازییە ووتی لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت جێگەی قبوڵ نییە.

کاردانەوەی هاوڵاتیانی عێراقی بەردەوامە، هەر لە دوێنێوە خۆپیشاندان لە زۆرێک لەشارەکانی عێراق بەردەوامن و ئاڵای تورکیا لەسەر باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا داگیرا و لە هەندێک شوێنی تر سوتێنران، وەک ئەوەی ئاژانسە ناوخۆییەکان ئاماژەیان پێدا.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشەکەی سەر هاوینەهەواری پەرەخێیان لە سنوری زاخۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌وه‌، كه‌ مرۆڤگه‌لی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و وا لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتبێت، هه‌ڵوێستی ره‌وا و مكوڕی وڵاته‌كه‌مان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌ ئامانج گیراوه‌”.

لەبەشێکی دیەکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، توركیا له‌پێناو ده‌رخستنی راستییه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ هاویشتنی هه‌موو جۆره‌ هه‌نگاوێك.

دەشڵێت، “بانگهێشتی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتار و پڕوپاگه‌نده‌ی رێكخراوی په‌كه‌كه‌ لێدوان نه‌ده‌ن و هاریكاربن بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ئاشكرا بكرێن”.

لەمبارەشەوە ناوەندی راگەیاندن چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) دەربارەی بۆردومانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرخی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لێدوانێكی نوسراوی بڵاوكردەوە تیایدا باس لەوەدەكات كە هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە كە دەوڵەتی تورك كۆمەڵكوژیەكەی تیادا ئەنجامداوە و ” دەوڵەتی تورك ئامانجی ئەوەیە ژیانی هاوڵاتیان كۆتایی پێبێت لە هەرێمەكە دەریان بكات”.
هەپەگە داوا دەكات لەو كەسانەی باوەڕیان بە ڕاستی هەیە و بە ویژدانەوە ئەو كوشتارە دڕندانەیە لە دەرەوەی ڕەوشتی مرۆیی دەوڵەتی تورك دەبینن لە دژی ئەم تاوانە مرۆڤایەتییە هەڵوێست وەربگرن.

” نابێت كەس هەوڵ بدات ئەم كۆمەڵكوژییە بە ئەنقەستانەی دەوڵەتی تورك بشارێتەوە و بۆ ئەو ڕووداوە دەستگیرۆیی بكرێت، چونكە ئەمە یەكەم كۆمەڵكوژی نییە دەوڵەتی تورك دەیكات هەروەك دەوڵەتی تورك لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠ دا بە ئەنقەست دوو گەورەبەرپرسی سەربازی عێراقی كردە ئامانج و كوشتی، هێرشەكە بۆ هەمان مەبەست كۆمەڵكوژییەكی پلان بۆ داڕێژراو بوو ڕێكەوت نییە”، هەپەگە وا دەڵێن.

دوێنێ ئێوارەش ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا بەوپەڕی توندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیا لە سنوری زاخۆ كراوە كە تێیدا ژمارەیەك هاوڵاتی بێتاوان شەهیدو برینداربون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەشت بڕیاردراون كە ئەمە ناوەڕۆكەكەیانە:

  • پێشكەشكردنی سكاڵایەكی بەپەلە لەلایەن عێراقەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە.
  • بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوو پێڕاگەیاندنی ئیدانەكردنی هێرشەكە.
  • بانگكردنەوەی هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی عێراق لە ئەنقەرە بۆ راوێژو راگرتنی رێكارەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێی عێراق بۆ توركیا.
  • راسپاردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر دۆخی سنوری عێراق و توركیاو گرتنەبەری هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ بەرگریكردن. 
  • چاودێریكردنی دۆخی بریندارەكانی هێرشەكەو خانەوادەی شەهیدەكان و قەرەبوكردنەوەیان.
  • هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرتنەبەری رێكاری یەكلاكەرەوە بۆ ریگری لە پێشێلكارییەكان.
  • توركیا داوای لێبوردنی فەرمی پێشكەش بكات و سەرجەم هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق بكشێنێتەوە.
  • عێراق رەتیدەكاتەوە خاكەكەی ببێتە شوێنێك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هەر وڵاتێكی تر و ببێتە گۆڕەپانێك بۆ تەسفیەی حسابات و هەروەها بونی هەر رێخراوێكی تیرۆریستی و گروپێكی چەكداریش لەنێو خاكەكەی رەتدەكاتەوە.

وەک کاردانەوەی دەرەکیش نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “کوشتنی خەڵکی سڤیل جێگەی قبووڵکردن نییە و پێویستە هەموو وڵاتان لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا رێز لە پابەندییەکانیان بگرن، لەنێویشیاندا پاراستنی خەڵکی سڤیل.”

ئەمریکا هاوخەمیی بۆ کەسوکاری ئەوانە دەردەبڕێت کە لە هێرشەکەدا کوژران و هاوسۆزییش بۆ برینداران دەردەبڕێت.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا نێد پرایس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا لە پشتگیریی تووندی لە سەروەری، ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق بەردەوام دەبێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

هەروەها حکومەتی بریتانیا رایانگەیاند کە وڵاتەکەیان نیگەرانە لە بۆردومانەکە و پشتگیری بەدواداچوونەکانی حکومەتی عێراق دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد ئەحمەد