ناوەندی بومەلەرزە لە سوریا 60 لەرینەوەی پاش بومەلەرزە نوێکەیان تۆمار کرد

دیمەشق – نۆرس پرێس

وێستگەکانی تۆڕی نیشتمانی چاودێری بومەلەرزە لە سوریا 60 لەرینەوەی دوای بوومەلەرزە نوێیەکەی شەوی دووشەممەیان تۆمارکرد.

رۆژی دووشەممەی رابردوو بوومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 6.4 پلە بە پێوەری رێختەر سوریا و تورکیای هەژاند، کە ناوەندەکەی لە ئیسکەندەرون بوو لە کاتژمێر 20:04 بە کاتی ناوخۆ، لەلایەن هاوڵاتیانی لوبنان و سوریا و فەلەستین و ناوچەی عەنتاب لە باشووری تورکیا، هەروەها لە شاری دهۆکی هەرێمی کوردستانیش هەستی پێکرا.

بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ بومەلەرزەزانی، رائید ئەحمەد، بە رادیۆی ناوخۆیی “شام ئێف ئێم”ی راگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە، سەرجەم شارەکانی سوریا زیانیان بەرکەوتووە، کە گەورەترین بومەلەرزەیە لە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات.

ناوەندی نیشتمانی بومەلەرزەزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لەرینەوەکانی دوای بوومەلەرزەکان لە ئیسکەندەرونی تورکیا و رۆژئاوای لازقییە زیادیانکردووە.

بوومەلەرزە نوێیەکە دۆخێکی ترسناکی لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروستکرد کە هەستیان پێکرد، بەتایبەتی کە دوو هەفتە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی هات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد