گیانلەدەستدانی شەڕڤانێکی هەسەدە لە لایەن چەکداری نەناسراوەوە لە باکووری دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، چەکداری نەناسراو لە خاڵێکی پشکنینی باکووری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا تەقەیان لە شەڕڤانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد و گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو به ماتۆڕسکیلەوە، تەقەیان لە خاڵێکی پشکنینی سەر به هەسەدە کرد له دەروازەی گوندی “ئەلحەریجی” له ناحیەی ئەلسوور، 70 کم باکووری دێرەزوور.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئامانجگرتنی ئەو گەنجە بە ناوی (مەتشەر ئەلئەحمەد 29 ساڵ) کە یەکێکە لە شەڕڤانەکانی “هەسەدە” بووە هۆی شەهیدبوونی، لەکاتێکدا دوو هێرشبەرەکە بەرەو بیابانی شارۆچکەکە هەڵاتوون.
دوو رۆژیش لەمەوبەر چەکدارانی رێکخراوەکە ماڵی ئەحمەد ئەلزاهر، سەرمایەداری بیرە نەوتەکانی شارۆچکەی “دامان”یان لە شارۆچکەی “ئەلسوور” کردە ئامانج، بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک “زەکات” بداتە رێکخراوەکە.
سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییانەی کە لەلایەن “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەستیان پێکردووە، هێشتا ناوچەکە چالاکیی بەرچاوەکانی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی سڤیل و سەرکردەی هۆزەکان و چەکدارانی “هەسەدە” بەخۆوەدەبینێت، بەگوێرەی چاودێریەکانی نۆرس پرێس.