له‌ رۆژی جیهانیی زمانی دایكدا.. مه‌سه‌رور بارزانی دوو فه‌رمانی تایبه‌ت به‌‌ زمانی كوردی ده‌رده‌كات

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

‌رۆژی سێ شه‌ممه‌، به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی زمانی دایک مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک”ی دەرکرد.

فه‌رمانی یه‌كه‌م تایبه‌ته‌ بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و تیایدا هاتووە، “لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەکو زمانی دایک، بڕیارماندا بە راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بە مەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”.

هەروەها لە فەرمانی دووەمدا کە ئاراستەی گشت وەزارەتەکان کراوە بۆ “گرنگیدان بە زمانی کوردی” هاتووە، “پشتبەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەکو زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کۆنسوڵگەریی وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.”

هەروەها بەپێی فەرمانی دووەم، “لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستۆرانتەکاندا، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنوێنییەکان، بە زمانی کوردیش هەبێت.”

رۆژی 21ـی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاریکراوە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكیی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. لەم رۆژەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەبارەی زمانە هەڕەشە لەسەرەکان و دەڵێت 40٪ـی خەڵکی جیهان بە زمانی دایکیان لە ناوەندەکانی خوێندن ناخوێنن.

زمانی کوردی سەربە زمانە هیندۆئەوروپییەکانە و چەند شێوەزارێکی هەیە لەوانە (کورمانجی، لوڕی، هەورامی، سۆرانی، کەلهوری، زازاکی، لەکی).