قامیشلۆ – نۆرس پرێس
لە هەوڵێکدا بۆ خستنەڕووی وێنەیەک لە ئازارەکانی گەلێک کە هەموو هێزەکانی خراپەکاری جیهان لە دژی شەڕیان کردووە، مەسەلەی “جەنگ”ی سوریا لە ساڵی یەکەمی هەڵگیرسانی ئەو جەنگەوە بوون بە بابەتی فیلمی ئەو سوریانەی کە لە هەموو بوارەکانی داهێنەردا کاردەکەن.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی “جەنگی سوریا” لە سێزدەهەمین ساڵی، چەندین فیلم دیمەنە سامناکەکانی ئەو جەنگەیان بە بەڵگە کردووە، بە مامەڵەکردن لەگەڵ زۆر لایەنی جەنگدا لە سوریا.
فیلمی ئاوی زیو
ئاوی زیو، کە وەرگێڕانێکی عەرەبییە بۆ ناوی کوردی سیماف، فیلمێکی دیکۆمێنتارییە و بە فۆرماتێکی سینەمایی جیاواز مێژووی کارەساتی سوریا دەگێڕێتەوە، دیمەنەکانی فیلمەکە لە ڤیدیۆی نهێنی وێنەگیراوەوە وەرگیراوە بۆ ئەوەی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری پێ دروست بکرێت.
فیلمەکە دیمەنی راستەقینەی ئەو تاقیکردنەوانە دەخاتەڕوو کە هاووڵاتیانی ئاسایی سوری لە کاتی جەنگ لەو وڵاتەدا تووشی بوون، سەرەتا لە چاودێریکردنی دیمەنەکانی قەناس بەدەستێکەوە کە بە فیشەکی زیندوو خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج دەستپێدەکات، دیمەنی تەرمی شێوێنراو لە کەناری رێگاکەدا فڕێدراون، تا دەگاتە “مردووەکان” کە بە پەت لە ناو بینا وێرانکراوەکانەوە رادەکێشرێن.
فیلمەکە بە هاوکاریی دەرهێنەری سوری ئوسامە محەمەد و چالاکوانی کورد ویئام بەدرخان، بەرهەم هاتووە و ماوەی فیلمەکە 92 خولەکە.
فیلمی شێتەکانی حەلەب
فیلمەکە ساتە سەخت و ئازاربەخشەکانی شاری حەڵەبی سوریا بەبەڵگە دەکات، بە تایبەتی لە ساڵی 2016دا کە گەمارۆ و بۆردومان و برسێتی باڵیان بەسەر شارەکەدا کێشابوو.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی دکتۆر حەمزە و پەرستار ئوم ئیبراهیم و فۆتۆگرافەر عەبدولقادر حەباق و ژمارەیەکی تر لە کارمەندانی نەخۆشخانەی مەیدانی و نەخۆشەکان دەکات کە تەنانەت لە خراپترین بارودۆخیشدا هیوایان لەدەست نەدابوو.
ناونیشانی فیلمەکە لە دەستەواژەی “شێتەکانی حەڵەب لێرەوە تێپەڕین” وەرگیراوە، کە دەبینین لە کۆتایی فیلمەکەدا بە رەنگی رەش لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی نەخۆشخانەکە نووسراوە.
فیلمەکە لە دەرهێنانی لینا سنجاب دەرهێنەری میدیایی سورییە و ماوەی فیلمەکە 90 خولەکە.
فیلمی کۆبانێ
بە یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکان دادەنرێت و مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا دروستکرد.
دیمەنەکانی ئەم فیلمە کە لە کاتی بەرگریکردنی خەڵکی کۆبانی لە شارەکەیان لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ساڵی 2014دا دەگێڕێتەوە؛ لە فۆڕمێکی دۆکیۆمێنتاریدا باس لە چیرۆکێکی پڕ لە خۆشەویستی و قوربانیدان و هیوا دەکات، کە تێیدا خەباتکارێکی کورد شەڕێکی راستەقینە لەگەڵ هاوخەباتکارەکانی لەدژی مەترسیدارترین رێکخراوی “تیرۆریستی” لە جیهاندا بەڕێوەدەبات.
فیلمەکە رۆحی سەرکەوتن و بەرخۆدان لە شەڕێکی تونددا دەگێڕێتەوە کە زیاتر لە 134 رۆژی خایاندووە.
فیلمی کۆبانێ لە دەرھێنانی ئۆزلەم یەسار و بەرھەمھێنانی “کۆمین فیلمی رۆژاڤا”یە، ماوەکەی ((2:38:40ە.
فیلمی گەشتیارانی جەنگ
فیلمەکە چیرۆکی کۆمەڵێک سوری دەگێڕێتەوە کە بەدوای خەون و ئارەزووەکانیاندا دەگەڕێن، لە گەرمەی شەڕی بەردەوامی وڵاتەکەدا خۆشی و خۆشەویستی وێنەدەکێشن، هەروەها تێڕوانینێک پیشاندەدات کە دوای شەڕەکە چی بەسەر شاری حەڵەبدا هاتووە و دیمەنی ئەو وێرانکاریانە نمایش دەکات.
فیلمەکە لە دەرهێنانی جود سەعیدە و هونەرمەندی ناسراوی سوری ئەیمەن زەیدان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، لە بەرهەمهێنان ی”کۆمپانیای ئەلئەمیر بۆ بەرهەمهێنان”ە و و ماوەی فیلمەکە 110 خولەکە.
فیلمی ئەشکەوت
فیلمەکە باس لە ژیانی رۆژانەی پێنج پزیشکی ژن دەکات کە لە نەخۆشخانەیەک لە ژێرزەویدا کاردەکەن، لە کاتی گەمارۆدانی “غوتەی رۆژهەڵات” لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2018دا.
پاڵەوانی فیلمەکە دکتۆر ئامانی، پزیشکی منداڵانی تەمەن 30 ساڵە، کە نەیتوانی خوێندنەکەی تەواو بکات و بوو بە سەرۆکی تیمێکی 130 پسپۆری لە نەخۆشخانەی “ئەشکەوت”، کە خزمەتی زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی سڤیلی شارۆچکەی غوتەیان دەکرد .
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دۆکیۆمێنتاری دانیمارکییە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری سوری فیراس فەیازە و ماوەی فیلمەکە یەک کاتژمێر و 57 خولەکە.