سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم: تۆپبارانکردنی سەرەڕۆییانەی تورکیا به توندی ئیدانه ده‌كه‌م
سلێمانی- نۆرس پرێس
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به توندی ئیدانه‌ی تۆپبارانه‌كه‌ی توركیا ده‌كات بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی سیڤیل له گوندی په‌رخێ له سنوری قه‌زای زاخۆ و ده‌ڵێت، “تۆپبارانکردنی سەرەڕۆییانەی هاوینەهەوارێکی زاخۆ لەلایەن هێزەکانی تورکیا، کە چەندین کەسی سیڤل بونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم.”
بارزانی رایگەیاندوە، “وەزیری تەندروستی د.سامان بەرزنجیم بۆ شوێنی تۆپبارانەکە ناردوە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوهدار شێخۆ قسەم کردوە بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەکان و ئەو خێزانانەی ئازیزەکانیان لەدەستداوە، ئەنجام بدەن.”
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه، “هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەم جۆرە ڕوداوانە چەندین جارە دوبارە دەبنەوە ، بۆیە دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێت. ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوان.”
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی بارزانی-دا هاتوه، “هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕاکێشراوەتە ناو شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە. کە زیان و ئازارێکی زۆری بە هاوڵاتیانمان گەیاندوە و دەبێت کۆتایی پێبێت.”