جوڵەی 127-مین کاروانی سەربازی هاوبەشی روسیا و تورکیا لە گوندەواری کۆبانی

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی سەربازی روسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی تورکیا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا، ئەوەش 127-مین کاروانە لەنێوان هەردوولادا لە ناوچەکە، لەدوای رێککەوتنی روسیا و تورکیاوە لەسەر ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە پێکهاتبوو لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازی روسیا و تورکیا بە یاوەری دوو هێلیکۆپتەری روسی، لە گوندی غەریب،  15کم  رۆژهەڵاتی کۆبانیەوە، بەڕێکەوتن.

کاروانەکە بە گوندەکانی “کەرەبنەف، کۆسک، عەلیشار، گوم عەلی، کورتەک، کۆبێک شەیتان، تیری، تلەجیب، قەباجیک ساغیر، تەلەق، بۆزتەپە، کەرەمۆغ، جەیشان”دا تێپەڕین، تا گەشتنە گوندی خەرابیسان فەوقانی.

دوای ئەوە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی غەریبەوە چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە روسییەکان گەڕانەوە بۆ وێستگەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سیرین لە باشووری کۆبانی.

لە سێزدەی مانگی شوباتدا لایەنی روسیا و تورکیا 126-مین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان