مه‌سعود بارزانی ئیدانه‌ی‌ تۆپبارانه‌كه‌ی‌ توركیای كرد

سلێمانی-نۆرس پرێس

مەسعود بارزانی، لە پەیامێكدا ئیدانه‌ی تۆپبارانی هاوڵاتیانی سیڤیل ده‌كات له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ گوندی “په‌رخێ”ی سنوری قه‌زای زاخۆ و ده‌ڵێت، “شەهید و برینداركردنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێتاوان لەلایەن هەر هێز و لایەنێك بێت و لەژێر هەر بیانو و پاساوێكدا بێت، تاوانە و قابیلی قبوڵ نییە.”

سه‌عات (01:50)ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ته‌مموز، ناوچه‌ی گه‌شتیاری گوندی “پەرخێ” له‌ ناحیه‌ی ده‌ركاری سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ له‌ پارێزگای دهۆك له‌لایه‌ن توركیاوه‌ هێرشیكرایه‌ سه‌ر و  نۆ هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو 23 هاوڵاتی دیكه‌ش برینداربون، كه‌ سه‌رجه‌میان گه‌شتیار بون.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین.. ڕاشیدەگەیێنین شەهید و برینداركردنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێتاوان لەلایەن هەر هێز و لایەنێك بێت و لەژێر هەر بیانو و پاساوێكدا بێت، تاوانە و قابیلی قبوڵ نییە.”

هاوكان داواشیكردوه‌، “سنورێك دابنرێت كە ڕوداوی هاوشێوە دوبارە نەبنەوە و چیتر هاوڵاتیانی ئێمە نەبنە قوربانی ململانێی و شەڕی نێوان هێز و لایەنی تر.”

به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بارزانی خستویه‌تییه‌ڕو، “كاتی ئەوە هاتوه‌ حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر چارەسەرێكی جددی و بنەڕەتی بۆ ئەو هۆکارانە بدۆزنەوە کە دەبنە هۆی ڕودانی ئەم تاوان و کارەساتانە.”