داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەبەئامانجگرتنی شەڕڤانێکی “هەسەدە” راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی شەڕڤانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە دوو رۆژ لەمەوبەر لە شارۆچکەی “ئەبوحەمام” 80 کم رۆژهەڵاتی دێرەزوور، شەڕڤانێکی “هەسەدە”یان بە دەمانچە کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامدا شەڕڤانەکەی “هەسەدە” برینداردەکەن و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردن.
لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەکەوە بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە گەنجەکە ناوی “ئەحمەد ئەلسودات”ە، دوو رۆژ لەمەوبەر لە بازاڕی قاوە لە شارۆچکەی ئەبوحەمام بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامدا بریندار بووە، سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاندووە “ئەلسودات “لە بازرگانی خۆراکدا کار دەکات و سەر بە هیچ لایەنێکی سەربازی و سیاسی نییە.
دوو رۆژ لەمەوبەریش لە شارۆچکەی “جەدید عەگیدات” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، گەنجێک کە ماتۆڕسکیلی پێببوو، تەقەی لێکرا.