حکومەتی سوریا 300 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە ئامادە دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، سوهەیل عەبدولەتیف وەزیری نیشتەجێکردنی سوریا رایگەیاند، کۆمپانیاکانی بیناسازی لە وەزارەتەکە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری بیناسازی شارستانی و سەربازی دەستیان کردووە بە دروستکردنی 300 یەکەی نیشتەجێبوون کە پێشتر دروستکرابوون و ئێستا ئامادە دەکرێن بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی، سوهەیل ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەکان لەماوەیەکدا ئامادە دەبن کە لە مانگێک زیاتر نەخایەنێت، “رێکارەکانی دەخرێنە بەردەستی حکومەت و ئەو شوێنە هەڵدەبژێرن کە ئامادەی دەکەن بە مەبەستی گواستنەوەی خێزانەکان بۆیان، سەرەتا بۆ ئەوانەی کە زیاتر پێویستیان بە شوێنێکە بۆ مانەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە دروستکردنی خێرای چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوونی دیکەش دەستپێبکات، “کە لە چەند رۆژی داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت”.

تا ئێستا حکومەتی سوریا میکانیزمێکی بۆ داڵدەدانی هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە ئاشکرا نەکردووە، کە لە ئێستادا بەسەر پەناگە کاتیەکاندا دابەشکراون، لەوانە قوتابخانە، مزگەوت، فەرمانگە حکومییەکان، هۆتێلەکان و چەندانی تر.

سەبارەت بە باڵەخانەی ئەڵتەرناتیڤ و ئەگەری دروستکردنیان، سوهەیل باسی لەوە کرد کە توێژینەوەیان کردووە بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆ نیشتەجێکردنی ئەڵتەرناتیڤ رادەگەیەنرێن، “لەوانەیە یەکەی نیشتەجێبوون چواردەوری شارەکانی حەڵەب و لازقییە دامەزرێنن”.

بەڵام وەزیری نیشتەجێکردن پێی باشتر بوو خەڵکی زیانلێکەوتوو بگوازرێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی ژێرخانی خزمەتگوزارییان پێدەدرێت، بەتایبەتی کە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ ماوەیەکی زۆری دەوێت.

پارێزگاری حەڵەب لە هەوڵی گواستنەوەی ئەو کەسانەدان کە زیانیان بەرکەوتووە لە پەناگەکانەوە بۆ ماڵەکانی شاری حەنانۆی رۆژهەڵاتی حەڵەب و گەڕەکی شێخ سەعید لە باشووری شارەکە.

ئەوانەی ئێستا زیانیان بەرکەوتووە لە پەناگەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی گەڕەکی شێخ سەعید، هاوکات شوێنی نیشتەجێبوونی هەنانۆ هێشتا خێزانە زیانلێکەوتووەکانیان وەرنەگرتووە، چونکە تەنها ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە بەڵگەنامەی خاوەندارێتییان هەیە بۆ ماڵە رووخاوەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد