سەندیکای ئەندازیاران لە مەنبج: 500 باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

منبج – نۆرس پرێس

کاربەدەستێکی سەندیکای ئەندازیاران لە مەنبج ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە، 500 باڵەخانەیان تۆمارکردووە وەکو بەڵگە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەنێویاندا خانووی نیشتەجێبوون.

لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە شەشی شوباتدا ناوچەکە و بەشێک لە سوریا و تورکیای گرتەوە، لە مەنبج زیانێکی زۆر بەر باڵەخانەکان کەوتووە.

ئیسماعیل قەتوان، هاوسەرۆکی سەندیکای ئەندازیاران لە مەنبج ڕایگەیاند، ئەو لیژنانەی کە پێکیهێنراون بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو باڵەخانانە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئاشکرایان کرد کە تا ئێستا زیان بەر 500 باڵەخانە کەوتووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاشکراشی دەکات کە 15 باڵەخانە وێران بوونە و شیانی ئەوە نییە کە تێیدا نیشتەجێ ببن هەروەها هۆشداریش بە دانیشتووانی ناوچەکە دراوە کە ئەو خانووانە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی بەسەریاندا نەروخێت.

قەتوان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە یەکێتی ئەندازیاران هەماهەنگییان لەگەڵ شارەوانی و فەرمانگەی توێژینەوە لە ئەنجومەنی جێبەجێکردن کردووە بۆ دابینکردنی چارەسەری پێکهاتەیی بۆ باڵەخانانەی کە کەمێک زیانیان بەرکەوتووە، دوای ئەنجامدانی شیکاری تاقیگەیی و کۆنکریتی.

پێشتر یەکێتی ئەندازیاران گرووپیان پێکهێنابوو کە بەسەر کەرتەکانی شارەکەدا دابەشکرابوون، لەپێناو ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە لە مەترسییە نزیکەکان ئاگاداربکەنەوە لە ئەنجامی ئەو درز و دیوارانەی کە خەریکە دەڕوخێن و ژمارەشیان بە دانیشتووانی ناوچەکە داوە تا پەیوەندیان پێوە بکەن، لە ئەگەری گومانی هەر بینایەک.

ئامادەکردنی: فادی حسێن –  دارشتنەوە: ئەحمەد عوسمان