وەزیری دەرەوەی سعودیە: کۆدەنگییەک هەیە کە نابێت بارودۆخی ئێستای سوریا بەردەوام بێت

حمس – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی سعودیە، فەیسەڵ بن فەرحان، لە میانی دانیشتنی دیالۆگ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وتی: “دەبێت رەوشی پەنابەرانی سوریا لە دەرەوەی وڵات و لایەنی مرۆیی لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێت”

بن فەرحان ئاماژەی بەوەشکرد، لە جیهاندا کۆدەنگییەک هەیە کە بارودۆخی ئێستای سوریا نابێت بەردەوام بێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، سەبارەت بە ئاماژەکانی وەزیری سعودیە و نەرمی لێدوانەکانی، ئاژانسی “سپۆتنیک” بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی سعودیە بەنیازە بەم زووانە سەردانی دیمەشق بکات.

لە ساڵی 2011ەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکان و قەیرانەکانی سوریاوە پچڕاوە، بەو پێیەی سعودیە و زۆربەی وڵاتانی کەنداو هەڵوێستی دوژمنکارانەیان بەرامبەر حکومەتی سوریا گرتەبەر.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا