تەرمی ١٨ کۆچبەر لەناو بارهەڵگرێكدا له‌ بولگاریا دۆزرایەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی، پۆلیسی بولگاریا بارهەڵگرێکی دۆزییەوە کە تەرمی ١٨ کۆچبەری ئەفغانستانی تێدابوو، لەنێویاندا تەرمی منداڵێک بوو.

سەرنشینەکان کە ژمارەیان نزیکەی چل کۆچبەر بوون، به‌ نهێنی له‌ژێر بارێك داری ناو بارهه‌ڵگره‌كه‌دا‌ شاردرابوونه‌وه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هەشت لەو کۆچبەرانه‌ی ماون بارو دۆخی ته‌ندروستیان نا چێگیره‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ ڕایگه‌یاند، بارهه‌ڵگره‌که له سه‌ڕ ڕێگایه‌کی خێرا له شاری سۆفیا دۆزراوه‌ته‌وه و ڕزگاربووه‌کان بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی نزیک گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ڕ.

بەرپرسانی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە ڕایانگەیاند، چوار کەس کە گومانیان لێدەکرێت كاری قاچاخچێتی مرۆڤیان ئەنجامدابێت، ڕاگیراون.

وەزیری تەندروستی بولگاریا، ئاسین مێدزێدیڤین، ڕایگەیاند ١٨ کەس لەناو بارهەڵگرەکەدا بەهۆی کەمی ئۆکسجین گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ڕزگاربووان لە دۆخێکی “زۆر خراپ”دان.

ئه‌و وه‌زیره‌ی بولگاریا ڕاشیگه‌یاند: پێده‌چێت ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ چەند ڕۆژێکە نانیان نەخواردبێت.

بەرپرسی پۆلیس بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، یەکێک لە چوار دەستگیرکراوەکە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

بولگاریا وه‌ك دەروازەیەکە بۆ كۆچكردن ده‌ناسرێت كه‌ له‌ ڕێگای تورکیاوە ده‌چنه‌ ناو یەکێتی ئەوروپا.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس هەوڵی ده‌ربازبوونیاندا له‌ سنوری تورکیا و بولگاریا ئه‌وه‌ش چوار ئەوەندە له‌ ساڵی پێشوو زیاتربوو.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر