دیارنه‌مانی ژماره‌یه‌ك چه‌كی سوپای عێراق له‌ ناوچه‌یه‌كی باكووری به‌غداد

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

به‌ هۆی دیارنه‌مانی برێك چه‌ك له‌ فه‌وجێكی سوپای عێراق له‌ باكووری به‌غدادی پایته‌خت، وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا.

لیژنه‌ی ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگه‌یاند، ژمارەیەک چەک لە بارەگاى فەوجێکى سوپاى عێراق لە ناوچەى تارمییەى باکوورى بەغدا دیار نەماون، به‌ گوێره‌ی جەردى ساڵانە ئه‌و  چەكانه‌ له‌ ساڵی رابردوودا دیارنەماون.

له‌و باره‌یه‌وه‌ “سەگڤان سندى” جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگه‌یاند، رۆژى 19ى شوبات لیژنەى ئاسایش و بەرگرى کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسەو لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن و تائێستاش ژمارەى ئەو چەکانە و هۆکارى دیارنەمانیان ئاشكرا نه‌بووه‌.

دوێنی 16 شوبات له‌شه‌رو پێكدادانێكدا له‌ ناوچه‌ی تارمییه‌، 3 چه‌كداری داعش و دوو سه‌ربازی سوپای عێراق كوژران. 

ناوچه‌ی تارمییه‌ به‌ دوور 37 کیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌ باکوورى بەغدادى پایتەخت له‌رۆژئاواى پارێزگاى دیالە و باشوورى پارێزگاى سەلاحەدین.