نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌شداريکردن له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن گەیشتە ئەڵمانیا
دهوک -نۆرس پرێس
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداريکردن له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن گەیشتە ئەڵمانیا و چەندین دیداری لەگەڵ به‌شدارانی كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌بێت.
رۆژی هه‌ينى، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به بانگهێشتێكى فه‌رمى بۆ به‌شداريى له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن گه‌يشته ئه‌ڵمانيا.
لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 40 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و 90 وەزیری دەرەوەی وڵاتان لە ئەوروپا، ئەمەریکا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئەمەریکای لاتینەوە بەشدارییان هەیە. کۆنفرانسەکە لە ئەمڕۆ 17ی شوبات تاوەکو 19ی شوبات بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شدارى له ديدار و گفتوگۆكانى په‌يوه‌ست به بوارى ئاسايش و سه‌قامگيرى و ئه‌و ئاڵنگارييانه‌دا ده‌كات كه رووبه‌ڕووى جيهان ده‌بنه‌وه.
هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون.
تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە بریتین، لە سیاسەتی بەرگریی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسی، جموجوڵی سیاسەتی جیهانی، ئاسایشی مرۆیی جیهانی، سەقامگیری ئاسایش و تەکنەلۆجیا و تیرۆری سایبەری، پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، وزە و گۆڕانی کەشوهەوا.