15 فڕۆکەی پڕ لە کەرەستەی فریاگوزاری گەیشتنە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، 15 فڕۆکەی نوێ گەیشتنە سوریا، کە پڕبوون لە کەرەستەی فریاگوزاری و لەلایەن جەزائیر، سعودیە، چیچان، پاکستان، ئیمارات، لیبیا، ئێران و چەند وەڵاتی ترەوە دابین کرابوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا بڵاویکردەوە، فڕۆکەی فریاگوزاری پاکستان گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و کەرەستەی فریاگوزاریان پێبووە، بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە.
سەفدار عەلی خان جێگری باڵیۆزی پاکستان لە دیمەشق ئاماژەی بەوەدا، ئەم فڕۆکەیە سێیەم فڕۆکەیە کە وڵاتەکەی ڕەوانەی وڵاتی سوریا دەکات و 12 تۆن کەرەستەی هەڵگرتووە کە بریتین لە بەتانی و خێمە و مۆلیدەی فریاگوزاری و بڕێک خۆراک و دەرمان.
ئەو دیپلۆماتکارە جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ گەلی سوریا، بەو پێیەی لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا تیمی پزیشکی و فریاگوزاری دەنێرێت.
دوێنێ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی وەتەن بڵاویکردەوە، یارمەتیەکان پێکهاتوون لە کەرەستەی فریاگوزاری و پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئاشکراشی کرد، لەوانەش 7 فڕۆکەی ئیماراتی، دوو فڕۆکەی لیبیا، یەکێک لە سعودیە و یەکێکیش ئوردنی، بەجۆرێک کۆی ژمارەی ئەو فڕۆکەیانە کە گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکانی سوریا 120 فڕۆکەی تێپەڕاندووە، هاوکات لەگەڵ هاتنی کاروانی وشکانی لە وڵاتانی دراوسێوە، لەنێویاندا کاروانێک لە تەنکەرەکانی پڕ لە سووتەمەنی لە عێراقەوە.