بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەیان قوتابخانە لە قامیشلۆ زیانیان بەرکەوت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممە بەرێوەبەرایەتی قوتابخانەکان لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە زیانی گەیاندووەتە 50 قوتابخانە.
مەزلوم حیسام، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی قوتابخانەکانی قامیشلۆ، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، جگە لە بیناکانی نیشتەجێبوون، ئەو بوومەلەرزەیەی کە هەموو سوریای گرتەوە، لە 6ی شوباتدا، زیانێکی زۆری بە دامەزراوە گشتییەکان و قوتابخانەکانی شاری قامیشلۆی گەیاند.
حوسام ڕایگەیاند ناچاربوون قوتابخانەکان دابخەن و لیژنەیەکی ئەندازیاری پێکبهێنن بۆ ژماردن و دیاریکردنی زیانەکانی بوومەلەرزەکە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەستیان بە پروسەی چاککردنەوەی ئەو قوتابخانانە کردووە کە زیانیان پێگەیشتووە و گەڕانەوەی کاتی دەوامیان وەک پێشتر، دوای ئەوەی قوتابیەکان بۆ چەند رۆژێک لە خوێندن دابڕان.
حوسام باسی لەوەشکرد، ئەو زیانانەی بومەلەرزەکە مەترسی بۆقوتابیەکان دروست ناکات، ئەندازیارەکانیش نیگەرانییەکانیان لەبارەی هەندێک قوتابخانە کە تووشی درزی گەورە بوون، رەواندووەتەوە.