درۆنێکی تورکیا ناوچەیەک لە گوندەواری حەڵەب بۆردومان دەکات

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بۆردومانی درۆنێکی تورکیاوە لە شارۆچکەی تل رەفعەت لە گوندەواری باکووری حەڵەب، هاووڵاتییەکی سڤیل گیانیلەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، درۆنێکی تورکیاوە لە شارۆچکەی تل رەفعەت بۆردومانی گۆڕەپانی بازاڕی شارۆچکەکەیان کردووە، کە لە ئێستادا کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت کە لە حەڵەبەوەیە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەوە، ئاوارەی ناوچەکە بوون.

بۆردومانەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی “یوسف جلیلاتی تەمەن 70 ساڵ “کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە شاری حەڵەبەوە ئاوارە بووە و “تەها عەبدولفەتاح تەمەن 50 ساڵ” کە دانیشتووی شارۆچکەکە بووە، چاوی بریندار بووە.

یەکشەممەی رابردووش درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی لە رۆژئاوای کۆبانێ کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی شەڕڤانێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمەش لەکاتێکدا دێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سوریا راگەیاندووە، بەمەبەستی ناردنی هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی کاریگەری بوومەلەرزەکەیان لەسەر بووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف