وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ سەردانی هه‌ردوو هاوپەیمانه‌ ناكۆكه‌كه‌ی تورکیا و یۆنان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ سەردانی تورکیا و یۆنان دەکات، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەم دەدرێت کە پێدەچێت هەوڵێکیش بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو هاوپه‌یمانه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ لەسەر چەند پرسێکی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ناكۆكن.

سەرەدانەکەی بلێنکن یەکشەممەی داهاتوو بۆ تورکیا دەستپێدەکات، واتە نزیکەی دوو هەفتە دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرە دێت کە لە بەرەبەیانی 6ی شوباتدا باكور و ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریای هه‌ژاند.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، بلینکن سەردانی بنکەی ئاسمانی ئەنجرلیکی ئەمەریکا لە تورکیا دەکات بۆ بینینی هەوڵە ڕاستەوخۆیەکانی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ئەنجامی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دروستبووە.

پاشان سەرەدانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ هاوتا تورکەکەی مەولود چاوشئۆغڵو و بەرپرسانی باڵای تورکیا كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ تورکیا.

دواتر بلێنکن لە ئەسینای پایتەختی یۆنان چاوی بە میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان و نيكۆس دیندیاس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ و ئەلیکسیس تسیبراس سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن دەکەوێت و تاوتوێی هاوکاری بەرگری و ئاسایشی وزە دەکەن.

جگە لە ڕاگەیاندنی وردەکارییەکانی گەشتەکەی بلینکن، کارین دۆنفرید یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و ئاسیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا و یۆنان هاوپەیمانێکی زۆر گرنگی ئەمەریکان.

ئاشکراشیکرد، ئەمەریکا ئامادەیی لە دەریای ئیجەدا هەیە، بۆیە هەمیشە گرنگی په‌یوه‌ندی نێوان هەردوو هاوپەیمانەکەی، یۆنان و تورکیا، ده‌دات.

ئەم سەرەدانە ئەمەریکیە پێدەچێت کاریگەری لەسەر ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان دروست بکات، هه‌ر چه‌نده‌ كه‌  هه‌ردوو وڵات چه‌ندین ساڵه‌ ناكۆكییان هه‌یه‌ لەسەر پرسەکانی دوورگەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

لە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشدا، وەزیری دەرەوەی یۆنان وێنەیەکی ئاسمانی بڵاوکردەوە، کە هاوتا تورکەکەی لەگەڵیدا بووە سەیری ڕادەی ئەو زیانانه‌یان ده‌كرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕویداوه‌.

ئامادەکردن و دارشتنەوە: هۆزان زوبێر