داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەبەئامانجگرتنی کاروانێکی “حەشدی عەشایەری” راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی کاروانێکی حەشدی عەشایەری سەر بە سوپای عێراق لە باکووری ئەو وڵاتە، راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی رێکخراوەکە لەگەڵ کاروانێکی هاوبەشی حەشدی عەشایەری و هێزەکانی دژە تیرۆری سوپای عێراق لە نزیک ناوچەی “تابی” لە باکووری بەغدا، روویداوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە شەڕەکەدا ئەندامێکی حەشدی عەشایەری کوژراوە، ئەمە جگە لە زیانی ماڵی کە بەر ئەو کاروانە کەوتوون.
لەم دواییانەدا، داعش ئۆپەراسیۆنەکانی لە عێراق و سوریا چڕتر کردووەتەوە، سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییە چڕانەی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی رێکخراوەکە ئەنجامدەدرێن.
دوو رۆژ لەمەوبەر رێکخراوەکە بانگەشەی بە ئامانجگرتنی کاروانێکی هێزەکانی حەشدی عەشایەری کردبوو، کە بەهۆیەوە یەکێک لە ئەندامانی کاروانەکە لە نزیک بیابانی حەدیسە لە رۆژئاوای ئەنبار لە عێراق بریندار بوو.