حکومەتی سوریا ئەنجامی کۆتایی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەی وڵاتەکەی راگەیاند
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، حکومەتی سوریا ژمارەی کۆتایی قوربانی و بریندارانی بوومەلەرزەی ناوچەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە گەیشتووەتە سێ هەزار و حەفسەدو حەفتاو یەک کەس.
حەسەن غوباش، وەزیری تەندروستی سوریا ڕایگەیاند، ژمارەی کۆتایی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە سوریای گرتووەتەوە، گەیشتووەتە هەزار و چوارسەدو چواردە کەس کە گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و سێسەدو پەنجاو حەوت کەسی تریش بریندار بوون.
غوباش ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی فریاگوزاری سەرەتایی و وەڵامدانەوەی پزیشکی کاری زۆریان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە هەموو قوربانییەکان و لە ژێر داروپەردووەکاندا رزگاربکەن و بریندارەکانیش بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە هەموو خزمەتگوزارییە فریاگوزاری و پزیشکیەکانیان پێشکەش کراون و هەماهەنگیش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
بوومەلەرزەکە لە شەشی شوباتدا ناوچەیەکی بە فراوانی سوریای گرتەوە، پروسەی گەڕان و ڕزگارکردن و لابردنی داروپەردوو بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوامی هەبوو تا خەڵکێکی زۆر رزگاربکەن.