داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەبەئامانجگرتنی کاروانێکی “حەشدی عەشایەری” راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی لە بە ئامانجگرتنی کاروانێکی هێزەکانی حەشدی عەشایەری سوپای عێراق لە رۆژئاوای ئەنبار راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە،هەینی رابردوو، چەکدارانی رێکخراوەکە لەگەڵ کاروانێکی هێزەکانی حەشدی عەشایەری لە نزیک بیابانی حەدیسە، لە رۆژئاوای ئەنبار، رووبەڕووبوونەتەوە و لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا ئەندامێکی حەشدی عەشایەریان بریندارکردووە و زیانی ماڵیان بە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانە سەربازییەکەیان گەیاندووە.
دوێنێ دووشەممە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق دەستگیرکردنی دوو ئەندامی رێکخراوی “داعش”یان لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق راگەیاند.
ڕۆژی 21ی کانوونی دووهەمیش، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی خاڵێکی پشکنین و کاروانێکی سەربازی سوپای عێراق راگەیاند، لەسەر رێگای دیالە- بەغدا لە ناوەڕاستی عێراق، کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی سوپاکە برینداربوون، بە گوتەی ئاژانسەکەی سەر بە داعش، “ئەعماق”.