نێچیرەڤان بارزانی سەردانی تورکیا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، سەردانی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند شارێک لە باکووری کوردستان و تورکیا دەکات کە لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتدا زیانی گەورەی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە، هاوکات لەگەڵ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبێتەوە. دواتر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

پێشتریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی کۆنسوڵخانەی تورکیای لە شاری هەولێر کردبوو و پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی لە تۆماری پرسه‌ی تایبەتی کۆنسوڵخانەدا نووسی.