تەندروستیی جیهانی: گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی سوریاوە 8500 تێپەڕاندووە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
رێک برێنن، بەڕێوەبەری نووسینگەی باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حەلەبی سووریاوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لانیکەم 8 هەزار و 500 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
برێنن گوتی، نزیکەی چوار هەزار کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لەو ناوچانەدان کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادان و چوار هەزار و 500 کەسی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەن کە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و گرووپە چەکدارەکان دەگرێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی بێ ماڵوحاڵبوونی 5.5 ملیۆن کەس لە سوریا.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بومەلەزرە بووەتە هۆی رووخانی تەواوەتیی 550 باڵەخانە لە تەواوی سوریا، هەزار و 570 باڵەخانەی دیکەش ز یانی زۆریان بەرکەوتووە.
هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان زۆرترین زیانی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەرکەوتووە، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا لانیکەم هەزار و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، 278 باڵەخانە بە تەواوەتی رووخاون، هەزار و 110 باڵەخانەی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە و لانیکەم هەزار و 391 خێزانیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن.