ههولێر- نۆرس پرێس
رۆژی یهك شهممه، بانكی ناوهندیی عێراق خستنهڕووی دۆلاری بهشێوهیهكی بهرچاو زیادكردو، بۆ یهكهم جار گەیاندییە زیاتر لە 305 ملیۆن دۆلار.
بانکی ناوەندیی عێراق خشتەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلاری راگهیاند کە 257 ملیۆن و 506 هەزار و 95 دۆلار به حهواڵه فرۆشتووهو 47 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بەشێوەی نەختینە خستۆته بازاڕەوە.
لە ئاكامی زیادبوونی خستنەڕوودا، دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەهای دیناری بەرزبۆوه، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 148.000 دینار لە بۆرسەی سلێمانی و هەولێر.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا 76 ملیۆن دۆلاری خستبووە بازاڕەوە.
زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق، لە دوای ئەوە بوو، کە شاندێکی حکومەتی عێراق کۆتایی هەفتەی رابردوو سەردانی ئەمریکایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کۆبوونەوە.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار”.