نەتەوە یەکگرتووەکان: گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت
هەولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە و پێشبینی کرد ژمارەکە 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت.
مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ گەیشتە شاری مەرعەشی باکووری کوردستان کە چەقی بوومەلەرزە بووو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی سکای نیوز گوتی: “پێموایە قورسە بە وردی مەزەندە بکەین لەکاتێکدا پێویستە خۆمان بگەیێنینە ژێر داروپەردووەوە، بەڵام من دڵنیام کە ژمارەکە دەبێتە دوو هێندە یان زیاتر”.
گریفیس گوتی: “ئێمە بەراستی هێشتا دەستمان بە ژماردنی گیانلەدەستدانەکان نەکردووە”. مەبەستی ئەوانە بوو کە دەکرێت لەژێر داروپەردوودا مردبن، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان دەرنەهێندراون.
هەروەها گوتیشی: “بەمزووانە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن رێگە بۆ دەزگا مرۆییەکان دەکەنەوە، کە کاری ئەوان گەڕانە بەدوای ژمارەی نائاسایی ئەوانەی، کە زیانیان بەرکەوتووە”.
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) دەڵێت، لانیکەم 32 هەزار کەس لە رێکخراوە تورکییەکان و هەشت هەزار و 294 کەسی دیکەش لە تیمە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانی گەڕان بەدوای ئەوانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکانەوە.
رۆژی شەممە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی نزیکەی 26 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و داوای 42.8 ملیۆن دۆلاری کرد بۆ ئەوەی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە لە ناوچەکەدا دابینبکرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی 870 هەزار کەس لە سەرتاسەری باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا پێویستییان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە. هاوکات، دەڵێت، سەروو 5.3 ملیۆن کەسیش بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دەربەدەربوون.