لە پارێزگای دهوک کۆمەک و هاوکاری بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە
دهوک -نۆرس پرێس
بۆ ماوەی چەند ڕوژێکە لەشاری دهوک هاوکاری بۆ خەلکی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان کۆدەکرێتەوە.
لەچەند شوێنیکی جیا جیای دهوک هاوکاری جۆراوجۆر کۆدەکرێنەوە هاوکاریەکانیش پێکهاتوون لە جلوبەرگ و بەتانی و بابەتی گەرمکەرەوەو خواردن و خواردنەوەو پارە و جۆرەها هاوکاری تر.
ئازاد حامد ئەندامی لیژنەی چاودێری کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند بۆ ماوەی سێ ڕۆژە کەمپینەکە بەردەوامە کە هاوکاری وکومەک کۆدەکرێتەوە بۆ زیانڵێکەوتوانی باکور و رۆژئاوای کوردستان، گووتیشی” خەڵکی شاری دهوک بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداریان لە کەمپینەکەدا هەیە”.
یوسف دۆسکی هاوڵاتیەکی شاری دهوکە بە نۆرس پرێس دەڵێت” پێویستە ئێمە بەو ئەرکە کوردایەتیە و مرۆییە هەڵسین چونکە خەڵکی باکور و ڕۆژئاوا کوردستان لەساتە ناخۆش و کارەساتەکانی سەر کوردانی باشوور بەهانای ئێمە هاتوون بۆیە دەبێت لە ئێستادا ئێمەش یارمەتی ئەوان بدەین”.
ئیسماعیل ئیسلام بەرێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵام دانەوەی قەیرانەکان بۆ نۆرس پرێس دوا و گووتی، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و راسپاردەی سەروکی حکومەت بریاردرا کە لە هەر پارێزگایەک پێنج لێژنە دروست بکرێن، لیژنەکانیش دەستیان بەکۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری کردووە بۆ لێقەوماوانی باکور و ڕوژئاوای کوردستان.
جێی باسە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، خەڵکی سوریا و تورکیا لە خەو هەڵسان بە بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی ٧.٩ پلە بە پێوەری ڕێختەر، بەو هۆیەوە بە سەدان کەس کوژران و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە داڕمانی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانە و هەروەها بە هەزاران کەسیش لە ژێر داروپەردووکاندا گیریان خواردبوو.