هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كان

هەولێر- نۆرس پرێس

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، راپۆرتیکی تایبه‌ت به‌ كۆمه‌كی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سوریا بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، 14 بارهه‌ڵگری دیكه‌ی كۆمه‌ك و پیتاكی پزیشكی و پێداویستی لۆجستی و گه‌رمكه‌ره‌وه‌ و خواردن، ئاماده‌كراوون بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا.

وەک ده‌زگاكه‌ رایگەیاندووە، له‌ یه‌كه‌م رۆژی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سوریاوه‌ هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی و ماددی به‌ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی 6یشوبات.

یه‌كه‌م كاروانی هاوكارییه‌كان پێكهاتبوو له‌ 15 ئۆتۆمبێل و 50 كارمه‌ندی فریاگوزاری و گه‌یشتنه‌ توركیا بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان.

بە گوێرەی زانیاری کەناڵە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، كۆمپانیای كاڤین گرووپ 163 شۆفڵ و گه‌ڵابە و ئامێری هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردوو رووخاوه‌كانی ره‌وانه‌ی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، کردووە.

بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیمی دەزگای خێرخوازی بارزانی راسپارد کە هاوکاری هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی شاری عەفرین بەبێ جیاوازی بکەن و دەستخۆشی لە کارمەندانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزە.

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکە، چەندین تیمی بە هاناوەچوون و کۆمەکی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانەکرد، تائێستا 12 بارهەڵگری لە خواردن و دەرمان و پێداویستی دیکە گەیاندووەتە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە، به‌تایبه‌ت بۆ عه‌فرین و رۆژئاوای كوردستان.