جه‌ندرێس گه‌وره‌ترین زیانی به‌ركه‌وتووه‌.. كۆتایی پێهێنانی پرۆسە گەڕان و ڕزگارکردن له‌ ناوچه‌ی عه‌فرینی ڕۆژئاوای كوردستان

عەفرین – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ هەینی، پڕۆسه‌ی گەڕان و ڕزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا کۆتایی هات و شارۆچکەی جەندەرێس لە گونده‌واری عەفرین زۆرترین زیانی به‌ركه‌وت، بە سەدان كه‌س گیانیانله‌ده‌ستدا و بریندار، و دەیان باڵەخانە وێران بوون.

بەپێی بەیاننامەیەکی بەرگری شارستانی له‌ ڕۆژئاوای سوریا کە ئێوارەی دوێنێ به‌ڵاوی كرده‌وه‌، پڕۆسه‌ی دەرهێنانەوەی تەرمەکانی ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکان ده‌ستپێكرد.

ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە دوو هەزار و ١٦٦ گیانله‌ده‌ستدان و زیاتر لە دوو هەزار و ٩٥٠ بریندار.

تەنها لە جه‌ندرێس ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە 513 قوربانی و 831 بریندار، هاوکات زیاتر لە 200 باڵەخانە بە تەواوی وێران بوون و نزیکەی 500 باڵەخانە بەشێکی وێران بووه‌، به‌مه‌ش ناوچه‌ی جه‌ندرێس به‌ گه‌وره‌ترین ناوچه‌ی زیانپێگه‌یشتووی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی سوریا هه‌ژماره‌ ده‌كرێت.

لەکاتێکدا كه‌ 479 باڵەخانە به‌ته‌واوه‌تی وێران بوونه‌ و هەزار و 481 بینای دیکەش بەشێک ڕوخاوه‌.

بەرگری شارستانی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرینەی باڵەخانە وێرانبووەکان بینای 4 نهۆمین، هەروەها خراپی ئامێره‌كانی ڕزگاركردن “هۆکارێکی سەرەکی بوون له‌ دواکەوتنی پڕۆسه‌ی ڕزگارکردن”.

بەپێی وته‌ی بەرگری شارستانی، سەختترین ئاستەنگەکانی تیمەکانی فریاگوزاری، نەبوونی سووتەمەنی بووە، بۆ ئامێره‌كان.

ماوەی دوو ڕۆژە دەیان تانکەری بڕ له‌ سووته‌مه‌نی کە لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌را‌یتی خۆسەری له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، وەک هاوکاریی ناردرابوون بۆ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی باکور و ڕۆژئاوای سوریا، به‌ڵام له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سه‌ر به‌ توركیا ڕاگیرابوون، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ڕێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌ تا هاوكارییه‌كان بگه‌ینه‌ قوربانییانی بومه‌له‌رزه‌كه‌.

کاربەدەستانی به‌ڕێوه‌به‌رایتی خۆسەری ڕایانگەیاند کە ئەو گروپانه‌ ڕێگەی ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی هاوكاری بۆ ناوچه‌ زیان پێگه‌یسشتووه‌كان.

لە لایەکی دیکەوە، عەبد ئەلڕەحمان مستەفا، سەرۆکی حکومەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای سه‌ر به‌ تورکیا، ئه‌و هاوكارییانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ بە بیانووی ئەوەی کە ناكرێت هاوكارییه‌كان له‌ ناوچەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌رییه‌وه‌ بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سوریا بێت.

بە گوتەی چالاکوانانی مەیدانی لە ئیدلب، بەهۆی دواکەوتنی هاوکاری و کەمی سوتەمەنی، بووە هۆی دواکەوتنی پڕۆسه‌ی ڕزگارکردن زۆر كه‌س گیانیان لەدەستداوە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ / موئەیەد شێخ – داڕشتنه‌وه‌ی: زانا ئه‌لعالی