ئیدلیب.. هێزەکانی تورکیا فڕۆکەیەکی چاودێری روسی دەکەن بە ئامانج

ئیدلیب – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا کە لە گوندەواری ئیدلب بڵاوەیان پێکراوە، فڕۆکەیەکی چاودێری روسیایان کردە ئامانج لەکاتێکدا بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕایەوە، بەبێ ئەوەی بیپێکن.

ئەوەش دوای ڕۆژێک هات لە لوتکەی سێ قۆڵی، کە تێیدا ڕووسیا و تورکیا و ئێران بەشداریان کرد و تێیدا باسیان لە دۆسیەی سوریا کرد.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، هێزەکانی تورکیا کە لە چیای ئەلزاوییە لە باشووری ئیدلب جێگیر بوون، بە مووشەکێکی زەمین بۆ ئاسمان فڕۆکەیەکی گەورەی چاودێری روسیایان کردووەتە ئامانج کە بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕایەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مووشەکەکە نەیتوانیوە فڕۆکەکە بپێکێت، بەڵام ناچاری کردووە ئاسمانی ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە ناوچەکە پەرەسەندنی سەربازی و بۆردومانی دوولایەنەی ل نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی هاوپەیمانی تورکیا و هێزەکانی حکومەتی سوریا بەخۆوە دەبینێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە هێزەکانی تورکیا بە ئەنقەست لە فڕۆکەکەیان نەداوە، بەڵکو وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە بەجێبهێڵن و ئەمە پێنجەمین جارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا روداوی هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە.

هێزەکانی تورکیا لە زیاتر لە 70 خاڵی سەربازی جێگیرکراون کە لە ناوچەکانی ئیدلب، حەما، حەلەب و لازقییە، کە بە سەر ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریادا دابەشکراون،  دوو رۆژ لەمەوبەریش هێز و پشتیوانی سەربازیان بۆ زۆرێک لەو خاڵانە ناردووە.