پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا کامپینێک بۆ هاوکاری کردنی شاری عەفرین لە هەولێر رادەگەێنێت
هەولێر – نۆرس پرێس
پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا داوای هاوکاریکردنی شاری عەفرین بە تایبەتی ناوچەی جندیرێس کرد کە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی سەرلەبەیانی دووشەمەی رابردوو سوریای گرتەوە زیانی گەورەیان پێکەوت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، داوایان لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد هاوکاری بگەیەننە شاری جێندێرس و داوای رزگارکردنی ئەو هاوڵاتییە سڤیلانەیان کرد کە تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودان.
لە رێگەی کۆنگرەکەوە پارتی رایگەیاند کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا کردووە و داوای لێکردوون هاوکاری بۆ شاری جێندێرس بنێرن، هەروەها دەستپێکردنی کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری و گەیاندنیان بە شاری عەفرین، لە ناحیەی جەندیریس راگەیاند.
پارتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو زانیاریانەی لەوێوە پێیان دەگات، پشتڕاستی دەکەنەوە کە شاری جێندێرس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بووە و خێزانەکان پێویستیان بە یارمەتی خۆراک و ماددی هەیە و زۆرێکیان هێشتا لە ژێر داروپەردوودان.
عەمەر کۆچەری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا لە وتەیەکیدا بۆ نۆرس پرێس، سەرەڕای سەرخۆشیکردن لە هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان بە هۆی بومەلەرزەکانەوە، رایگەیاند کە هەوڵی دبلۆماسی بەرفراوانیان داوە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی پەلەبکەن لە گەیاندنی هاوکاریەکان بە رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی شاری عەفرین و شارۆچکەی جندێرسی گوندەواری.
کۆچەری رایگەیاند کە لە باشووری کوردستانیش هەوڵیانداوە بۆ دروستکردنی کامپین و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکان لە رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها نوری بریمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو هەڵمەتەی کۆمەکییەی ئەوان لە هەولێر دەستیانپێکردووە، کارێکی بچوکە لە چاو پێویستییەکانی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوودا ناگاتە سەدا یەکی پێوستییان، چونکە بە وتەی ئەو “کارەساتەکە گەورەترە لە توانای پارتێکی سیاسی”، بە تایبەتی لە جندرێس کە وێرانبووە.
بەڵام بریمۆ پێی وابوو کە ئەنجامدانی هەڵمەتی لەمشێوانە هیچ نەبێت کەمێک لە بارگرانی زیانلێکەوتووان کەم دەکاتەوە.