واشنتۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە دەدات کە بەسەر سوریادا سەپێنراوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی گەنجینەی ئەمەریکا مۆڵەتێکی گشتی دەرکرد، کە بۆ ماوەی 180 ڕۆژ هەموو ئەو مامەڵانەی پەیوەستن بە فریاگوزاری بومەلەرزەوە رێگەپێدراون بۆسوریا.
واڵی ئادییۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کۆدەبنەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.
جێگری وەزیر ئاشکرایکرد، سزاکانی ئەمەریکا لە سوریا ڕێگرنابن لە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی گیانی گەلی سوریا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، سزاکانی ئەمەریکا لە سەر سوریا ئاسانکاری زۆری تێداکراوە بۆ هەوڵە مرۆییەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتی بۆ هەوڵەکانی فریاگوزاری بوومەلەرزە دەردەکات بۆ ئەوەی ئەوانەی هاوکاری پێشکەش دەکەن بتوانن زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت کە پێویستە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەلک و ئاوەدانکردنەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئادییۆ جەختیکردەوە، مۆڵەتی GL 23 ئەو ڕێگە فراوانە دابین دەکات کە پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری دەستبەجێی کارەسات لە سوریا.
مۆڵەتەکە برێتییە لە مۆڵەتی گواستنەوەی پارە بەناوی کەسایەتیەکان و وەڵاتان بۆ سوریا، بۆ پشتگیریکردن لەو مامەڵانەی کە بەپێی ئەم مۆڵەتە گشتییە ڕێگەپێدراوە.
ئەم مۆڵەتە گشتییە ڕێگە بە هیچ جۆرە مامەڵەیەک نادات کە پەیوەندی بە هاوردەکردنی نەوت یان بەرهەمی نەوتی سوریا بۆ ئەمریکاوەهەیە و رێگا دەگرێت لە هەر مامەڵەیەک لەگەل هەر کەسێکی سزادراوی سەر بەڕژێمی سوریا.