بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکانی تورکیا بۆ زیاتر لە 18 هەزار
دیمەشق – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی رۆژی دووشەممەی پێشوو ئەو وڵاتەی گرتەوە، بۆ 18.342 گیانلەدەستدان و 74.242 بریندار بەرزبووەوە.
ئەمەش لە ئامارێکدا هات کە ئەو زانیاریانە لەخۆدەگرێت کە تا کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، دوای ئەوەی ئامارێکی پێشوو کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆکی تورکیاوە راگەیەندرابوو، باس لە گیانلەدەستدانی 17.674 کردبوو.
ئۆکتای ئەمڕۆ هەینی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای دەزگای فریاکەوتن و کارەساتی تورکیا (ئافاد) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا رایگەیاند، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ویلایەتی کیلیس و سانلیورفا تەواو بووە، لە کاتێکدا لە ویلایەتی دیاربەکر و ئەدەنە و عوسمانییە، بەشێکی کەمی کارەکان ماون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 121 کەسیان لە ژێر داروپەردوو رزگارکردووە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلە باشووری تورکیا و باکووری سوریای گرتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.6 پلە و سەدان لەرینەوەی دیکە روویاندا، کە زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی لە هەردوو وڵاتدا بە دوای خۆیدا هێنا.