تەندروستی سوریا : ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە بۆ سێ هەزار و 642 کەس بەرزبووەتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی پێنجشەممە، حەسەن غوباش وەزیری تەندروستی سوریا رایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان وبریندارانی بوومەلەرزە بۆ سێ هەزار و 642 کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا هەزار و 347 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 295 کەسیش برینداربوون.

 غوباش ئاماژەی بەوەشدا،  کە بریندارەکان جۆرەها چارەسەریان وەرگرتووە،  هەر لە چارەسەری دەرونی تا دەگاتە  نەشتەرگەری سادە ومامناوەند و قورس.

 وەزیری تەندروستی ئاشکراشیکرد،کە ئەمبولانس و تیمە پزیشکییەکان بە تەواوی کاردەکەن بۆ گەیشتن بە هەموو ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووەکاندان و بریندارەکانیش بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر ڕوویدا، بەهوی بوومەلەرزەکە سەدان باڵەخانە ڕوخاون و هەزاران قوربانی لێکەوتەوە و تا ئێستاش تیمەکانی فریاگوزاری لە هەموو ناوچەکان کاردەکەن بۆ  رزگارکردنی برینداران و دەرهێنانی تەرمی قوربانیان .

ئامادەکردن و دارشتنەوە: محەمەد قازی