نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان: دەوڵەتى تورکیا دەست بەسەر ئەو هاوکارییەکانەدا دەگرێت کە دەنێردرێن بۆ باکووری کوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
نوێنەرایەتى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوا دەکات هاوکارییەکان بۆ باکووری کوردستان تەنها لەرێگەی پارەوە بێت و بۆ رۆژئاوای کوردستانیش پێداویستى جۆراو جۆری ژیان بێت، چونکە حکومەتی تورکیا “دەستبەسەر هاوکارییەکاندا دەگرێت”.
نوێنەرایەتى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، “ئەکەپەو دەوڵەتى تورکیا دەست بەسەر سەرجەم ئەو کۆمەک و هاوکارییەکانەدا دەگرێت کە لە هەرێمی کوردستان و هەر ناوچەو وڵاتێکەوە دەنێردرێتە باکوری کوردستان، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان، چالاکوانان، ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوکارییەکان بۆ باکوری کوردستان تەنیا پارە کۆبکرێتەوە نەک پێداویستى ڕۆژانە”.
باسی لەوەشکردوە، “هەر کۆمەک و هاوکارییەک ڕەوانەى باکوری کوردستان بکرێت لەلایەن ئەکەپەو دەوڵەتی تورکیاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەچەند ڕۆژی رابردوشدا ژمارەیەکى زۆر هاوکاری گەیشتونەتە باکوری کوردستان، بەڵام لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەستى بەسەردا گیراوەو نەگەیشتوەتە دەست لێقەوماوانى بومەلەرزەکە.”
نوێنەرایەتى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “داوا لە هاوڵاتیان دەکەین پارەکانیان ڕادەستى ئەو لایەنانە بکەن کە سەرپەرشتى کەمپینەکان دەکەن، چونکە پارە هیچ کێشەی نییەو کۆمەکی دارایی دەگاتە شوێنی خۆی و گرفتی نابێت، بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش ئاساییە کە کۆمەک و هاوکارییەکان پارە یان هەر پێداویستییەکى دیکە بێت و هیچ ڕێگری و بەربەستێک نییە بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.”