سەرکردەی گشتی “هەسەدە” لە دەیەمین یادی شۆڕشی 19ی تەموزدا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات sdf-press رایگەیاند، فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی 19ی تەمموز، بە ئامادەبوونی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاهەنگێکی سازکرد.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، ئاهەنگەکە بە نمایشێکی سەربازی دەستیپێکرد کە لەلایەن یەکەکانی دژەتیرۆر YAT وە پێشکەشکرا، دواتر مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا دەیەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی 19ی تەمموزی پیرۆز کرد لە هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بنەماڵەی شەهیدان و هەموو شەڕڤانان، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە.
هەر لەو یادەدا و بە گوێرەی ماڵپەڕە فەرمیەکە، جەنەڕاڵ عەبدی وتی: “وڵاتە دوژمنکارەکان هەر لە سەرەتاوە هەوڵیاندا دژ بەو شۆڕشە بوەستنەوە کە لە شاری کۆبانییەوە سەریهەڵدا، بەڵام بە ئیرادەی هێزەکانمان و بە ئیرادەی گەلەکەمان ئەو پلانانەمان پووچەڵ کردەوە و توانیمان دژ بە هەموو ئەو لایەنە تیرۆریستیانە بجەنگین کە بە پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشیان کردە سەرمان، هەر لە گروپی ” جەیش حوڕ” تا دەگاتە “جەبهەتو نوسرە” و ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش”
هەروەک مەزڵوم عەبدی وتی: ” ئەمڕۆ خۆمان ڕێکدەخەین و توانای هێزەکانمان زیاد دەکەین بەمەبەستی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدەکانمان بەدەست هاتوون.”