بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان لە کامپەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب بەهۆی بومەلەرزەوە
گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێک لە کامپێکی ئاوارەکان لە گوندەواری باکووری حەڵەب رایگەیاند، دوای هاتنی ئاوارەی نوێ لە حەڵەبەوە، ژمارەی ئاوارەکان لە کامپەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر ماڵ و ژیانی هاوڵاتیان هەبووە.
خولوسی بیسۆ، هاوسەرۆکی کامپی “بەرخودان” لە گوندەواری باکووری حەڵەب، کە ئاوارەکانی هەرێمی عەفرین لەخۆدەگرێت، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، 707 خێزانی خەڵکی حەڵەب و گوندە جیاوازەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب ئاوارەبوون بۆ چوار کامپی “بەرخودان، سەردەم، ئەلشەهبا و ئەلعەودە”، بە گشتی ژمارەیان 5219 کەسن.
بە وتەی بیسۆ، ڕۆژی سێشەممەی پێشوو، 2800 کەس گەیشتنە ئەو کامپانەی کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێن لەو ناوچەیە.
ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو بوومەلەرزانەی کە لە سەرەتای دووشەممەی رابردووەوە رووبەڕووی سوریا بووەتەوە، گەیشتووەتە 3583 و 6342 کەسیش برینداربوون، ئەمەش هێشتا ئامارێکی یەکجاری نییە و بەردەوام ژمارەکە لە هەڵکشاندایە.
هاوسەرۆکی کامپەکە ئاماژەی بەوەدا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان لە توانای جێگیربوونیان زیاترە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ژمارەیەکی پێویست لە خێمە و نەتوانینی دابینکردنی هاوکاریی پێویست بۆیان.
بیسۆ جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکانیان لە ئێستاوە بەدەست نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، وەک بەتانی و کەرەستەی گەرمکەرەوە و کەرەستەی فریاگوزاری دیکەوە دەناڵێنن، بەهۆی بەردەوامی گەمارۆی حکومەتەوە.