حەڵەب.. پەناگە کاتییەکانی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکان هاوکارییان پێناگات

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو کە لە ترسی داڕمانی، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و لە پەناگە کاتییەکانی حەڵەب نیشتەجێ بوون، رایانگەیاند کە تا ئێستا هاوکارییان پێنەگەیشتووە، هەندێکی دیکەش گلەیییان لە کەمی ئەو هاوکارییە هەیە لەچەند پەناگەیەکی کاتی دیکە.

ئەبو مالیک (73 ساڵ) دانیشتووی گەڕەکی سەلاحەدین لە شاری حەڵەب، کە ئێستا لە پەناگەیەکی ئەو شارە دەمێنێتەوە، باسی لەوەکرد، خێزانەکەی لەگەڵ 19 خێزانی دیکە لە ژوورێکدا دەمێننەوە، ئەو هاوکارییەش کە وەریدەگرن “بەشی دوو کەس ناکات”.

ئەو پیاوە، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە و لە ترسی داڕمانی ماڵەکەی کە لە نهۆمی پێنجەمدایە، ناچار بووە ماڵەکەی بەجێبهێڵێت، دەڵێت، “جانتایەکیان بۆ هێناین، کە گۆشتێک و ماسیەکی قوتوو و بوتڵێک رۆنی تیادابوو، زۆربەی خەڵک بەبێ خواردن نووستن”.

  ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک لەو پەناگەدا نیشتەجێیە، بە درێژایی رۆژ دوو نانی پێدەدرێت.

سەرەڕای گوتەکانی حکومەت سەبارەت بە هاتنی خۆراک و هاوکاری فریاگوزاری بۆ سوریا کە لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران و رووسیاوە دێت و بەخشینی ملیۆنان دۆلار، هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان بەدەست کەمی خۆراک و نان و دەرمان و شیری کۆرپە و پێداویستیەکانی ترەوە دەناڵێنن لە پەناگە کاتییەکانی داڵدەدان، بە گوتەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو کە نۆرس پرێس چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون.

پارێزگای حەڵەب زیاتر لە 175 پەناگەی کاتی بۆ ئەو کەسانە کردۆتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو ئاوارەبوون.

ئامادەکردنی: رافی حەسەن –  داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد