دانیشتوانی شارەکانی سوریا هەستیان بە بومەلەرزەیەکی نوێ کرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، دانیشتوانی ژمارەیەک شاری سوریا هەستیان بە بوومەلەرزەیەکی نوێ کرد، کە چەند چرکەیەکی خایاند و ترس و دڵەڕاوکێی دروستکرد.
سەرچاوە خۆجێیەکان لە دیمەشقەوە ڕایانگەیاند، دانیشتوانی ناوچەی ئەلنەبێک لە گوندەوارەکانی دیمەشق و ناوەندی پایتەخت لە کاتژمێر 10:30ی شەو هەستیان بە لەرزینێکی کەم کردووە.
ئاماژەیان بە بوومەلەرزەکە کرد کە چەند چرکەیەکی خایاند و لە ئەنجامدا ژمارەیەک بینا لە غوتەی ڕۆژهەڵات درزیان تێکەوت.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، هەندێک لە خێزانەکان ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و شەوەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلدا بەسەربردووە، لە ترسی داڕمانی بیناکان.
هاوکات دانیشتوانی شاری حەلەب لە سەعات شەشی ئێوارە هەستیان بە بوومەلەرزەیەکی نوێ کرد، ئەمەش وایکرد خێزانەکان ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لە مزگەوت و باخچە و شوێنە گشتییەکاندا بخەون.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، سەنتەری نیشتمانی بومەلەرزەزانی سوریا ڕایگەیاند، وێستگەکانی تۆڕی نیشتمانی چاودێری بومەلەرزەزانی لە سەنتەرەکە بوومەلەرزەیەکیان بە گوڕی 4.3 پلە لەسەر پێوەری ڕێختەر و قووڵایی 6 کم لە کاتژمێر 21:58 بەکاتی ناوخۆیی لە سوریا- سنووری لوبنان تۆمارکردووە.
دوێنێ چوارشەممە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە شاری هەرەستا داڕما، بە گوتەی سەفوان ئەبو سەعدی پارێزگاری گوندەوارەکانی دیمەشق، بیناکە یەکێک بووە لەو باڵەخانانەی کە هەڕەشەی داڕمانی لەسەر بووە و شوێنی نیشتەجێبوون نەبووە، و بوومەلەرزەکەیش یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی بووە.
جێی باسە دانیشتووانی حومس، قامیشلۆ، ئیدلب و شارۆچکەی جێندەرس لە گوندەوارەکانی عەفرین و کۆبانی هه ستیان بە بومەلەرزەیەک کردووە.
ژمارەی کوژراوانی ئەو بوومەلەرزانەی کە لە سەرەتای دووشەممەی ڕابردووەوە بەرووکی سوریا گرتووەتەوە، بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 583 کەس بەرزبووەتەوە کە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە شەش هەزار و 342 کەسیش برینداربوون.