بەڕێوبەری خۆسەری گەشتنەوەی تەرمی 18 قوربانی بومەلەرزەکەی تورکیای راگەیاند
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەیشتنەوەی 18 تەرمی هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند کە بەرەبەیانی دووشەممەی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە لە تورکیا گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی بەڕێوبەری خۆسەر، 18 تەرم لە دەروازەی “عەون ئەلداداتەوە”، لە نێوان ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا و ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیجەوە کۆنترۆڵکراون، تا دەگاتە رەققە و سیرین و کۆبانێ، گەڕێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان.
دوێنێ سێشەممە، تەرمی حەوت قوربانی دیکە لە تورکیاوە گەشتەوە بۆ زێدی خۆیان لە کۆبانێ، “محەمەد حەمی”، ئەندامی بنەماڵەی قوربانییەکان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، حەوت کەس کە شەشیان ئەندامی یەک خێزانن، تەرمەکانیان گەیشتوەتەوە ناوچەی گوندی خەزینە، لە باشووری کۆبانی.
لەکاتێکدا دانیشتوانی کۆبانی و چالاکوانان لە سۆشیال میدیا هەواڵی گیانلەدەستدانی زیاتریان لەو شارە بڵاوکردەوە لەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیای گرتەوە.
وەک ئامارێکی سەرەتایی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکە بۆ 5894 کەس و بریندارەکانیش بۆ 34810 بەرزبووەتەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011ەوە نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری لە تورکیا هەن.