دەرئەنجامی گیانلەدەستدان لە بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریا 9 هەزاریان تێپەڕاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوای تێپەڕینی نزیکەی 55 کاتژمێر بەسەر کارەساتەکەدا، بەگوێرەی تۆمارە فەرمییە سەرەتاییەکان، کۆی گشتی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا گەیشتووەتە 9055 گیانیانلەدەستدان و زیاتر لە 42350 کەسیش برینداربوون.

ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەو بوومەلەرزانەی لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە لە سووریا روویداوە بۆ 2098 کەس بەرزبووەوە و 4106 کەسیش برینداربوون.

ئەم دەرئەنجامەش کۆتایی نییە، کۆی ئەو ئامارانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی سوریا، بەرگری شارستانی ئیدلب، و دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوە.

لای خۆیەوە دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە تورکیا بۆ شەش هەزار و 957 کوژراو و 38 هەزار و 244 بریندار لە بوومەلەرزەکەدا بەرزبووەتەوە، کە ناوەندەکەی شاری مەڕعەش بوو لە غازی عەنتاب، لە باشووری ئەو وڵاتە.

تا ئێستا ژمارەیەکی نادیار لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە و چارەنووسیان نادیارە، بەپێی ئەو ڕێکخراوانەی کە پەیوەندییان بە توێژینەوە و چاودێریکردنەوە هەیە، لەکاتێکدا بارودۆخی زستان و دوای بوومەلەرزەکە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیان قورس کردووە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات ژمارەی کوژراوان لە سوریا و تورکیا بۆ زیاتر لە 20 هەزار کەس بەرزبێتەوە و دەیان هەزار کەسی دیکەش برینداربن.

 ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر