سه‌ركرده‌كانی روسیا‌و ئێران و توركیا ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكه‌یان پێش لوتكه‌ی تاران له‌باره‌ی سوریاوه ئاشكراده‌كه‌ن
قامشلۆ-نۆرس پرێس
سه‌رۆكانی وڵاتانی روسیا‌و ئێران و توركیا پێش به‌ستنی كۆبونه‌وه‌ی لوتكه له‌باره‌ی سوریاوه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه گفتوگۆكانی نێوانیان سه‌باره‌ت به سوریا له چه‌ند ته‌وه‌رێكدا ئاشكراكرد.
له‌سه‌ره‌تادا ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران وتی، “ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه له یه‌كگرتویی خاكی سوریا‌و تاكه رێگه‌ی چاره‌سه‌ر، چاره‌سه‌ری سیاسییه.”
سه‌باره‌ت به پاساوه‌كانی توركیاش له‌باره‌ی بونی مه‌ترسی له‌سه‌ر سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا، ره‌ئیسی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “ده‌توانین له رێی راگۆڕینه‌وه‌وه مه‌ترسییه‌كانی توركیا بڕه‌وێنینه‌وه، بونی به‌هێزی هێزه‌كانی سوریا له‌سه‌ر سنور، گره‌نتی سه‌قامگیری وڵات ده‌كات.”
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه فلادیمیر پۆتن رایگه‌یاند، “له رێی ئه‌م لوتكه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌یه گفتوگۆیه‌كی كارا ئه‌نجامبده‌ین كه سه‌قامگیری سوریا فه‌راهه‌م بكات و پێویسته رێز له سه‌روه‌ری سوریا‌و یه‌كگرتویی خاكه‌كه‌ی و پارێزراوی سنوره‌كه‌ی بگیرێت.”
سه‌رۆكی روسیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “پێویسته سورییه‌كان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیان بده‌ن دور له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی.”
ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان-یش له لوتكه‌دا باسی له‌وه‌كرد، “پێویسته روبه‌ڕوی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ببینه‌وه‌و له سوریا ده‌ربكرێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆمه‌كی لایه‌نێكمان پێویست بێت، به‌رده‌وام ده‌بین له شه‌ڕكردن دژ به رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان.”
هاوكات ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له دژایه‌تیكردنی رۆژئاوای كوردستان و هێزه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ “تیرۆریست” له قه‌ڵه‌مداو وتیشی، “چاوه‌ڕوانیمان له ئێران و روسیا ئه‌وه‌یه پشتیوانی توركیا بكه‌ن بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆر.”
به وته‌ی ئه‌ردۆگان، ئێران و روسیا له مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كانیان تێده‌گه‌ن، “به‌ڵام قسه به‌س نییه”.