کۆبانێ.. گەشتنەوەی تەرمی حەوت قوربانی کە لە بومەلەرزەکەی تورکیادا گیانیانلەدەستدا
کۆبانێ – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، تەرمی حەوت قوربانی بوومەلەرزەکەی تورکیا گەیشتەوە زێدی خۆیان لە شاری کۆبانێ رۆژئاوای کوردستان.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی رابردوو، بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر هاوڵاتیانی سوریا و تورکیای لە خەو هەستاند، کە گوڕەکەی 7.9 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، کە بە سەدان کەس کوژران و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە داڕمانی ژمارەیەکی زۆر باڵەخانە و هەزاران کەسیش گیریان خوارد لە ژێر داروپەردوودا.
محەمەد حەمی، ئەندامی بنەماڵەی قوربانییەکان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، تەرمی 7 قوربانی گەیشتوونەتەوە گوندی خەزینە لە باشووری کۆبانی، کە شەشیان سەربە یەک خێزانن.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمەکانیان لە دەروازەی عەون ئەلداداتەوە وەرگرتووە، لە نێوان ئەو ناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا و ئەنجومەنی سەربازی مەنبیج، کۆنتڕۆڵی دەکەن.
بە گوتەی حەمی، لەگەڵ گەیشتنی تەرمەکان، لە گوندەکەدا بە خاک سپێردراون.
لەکاتێکدا دانیشتوانی کۆبانی و چالاکوانان لە سۆشیال میدیا هەواڵی گیانلەدەستدانی زیاتریان لەو شارە بڵاوکردەوە لەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی تورکیای گرتەوە.
لە ژمارەیەکی نادیاردا، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکە بۆ 5894 کەس و بریندارەکانیش بۆ 34810 بەرزبووەتەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011ەوە نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری لە تورکیا هەن.