خۆسەری: دەکرێت سنورەکەیان وەک پردێک بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدانی ناوچەکانی دیکەی سوریا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

 ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، بەرێوەبەراتی خۆسەر لە ڕوژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ناوچەکانیان دەبنە پردێک بۆ تێپەڕاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی سوریا.

 بێریڤان خالید هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەرێوەبەراتی خۆسەر ڕایگەیاند، دەتوانرێت ناوچەکانی بەرێوەبەراتی خۆسەر وەک ناوچەیەکی ترانزێت بۆ یارمەتییە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر زۆرێک لە ناوچە و شارەکانی سوریای گرتەوە و بەهۆیەوە سەدان باڵەخانە رووخان و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە و کاریگەرییە وێرانکەرەکانیدا، چەند وڵاتێکی عەرەبی و بیانی هاوسۆزی خۆیان بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەربڕی، پاکێجی هاوکاری مرۆییان ڕاگەیاند، لەوانەش کەلوپەلی پزیشکی و خۆراک، کە بە وەجبە دەگەنە ناوچە زیانلێکەوتوەکان.

ئامادەکردن و دارشتنەوە: قەیس عەبدوڵا