مانگی سووری کوردی داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات هاوکاری بەپەلە پێشکەش بە زیان لێکەوتۆانی بومەلەرزە بکەن

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممە، مانگی سووری کوردی، داوای لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆیی و تەندروستییەکان کرد، هاوکاریی بەپەلە پێشکەش بەو کەسانە بکەن کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دەڤەرەکانی بەرفراوانی سووریای گرتبۆوه‌.

حەسەن ئەمین سەروکی مانگی سووری کوردی لە روژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تواناکانیان سنووردارە و دەرمان و پێداویستی پزیشکی کەمن، هەروەها به‌ش ناكات بۆ یارمەتیدانی دانیشتوانی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی ڕوژئاوای کوردستان.

هەروەها حەسەن ئەمین، بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی و تەندروستییەکانی کرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خێرایی و بەپەلە هاوکاری و ئامێری پزیشکی پێشکەش بە و دەڤەرانە بکەن کە ئەم کارەساتە سروشتیەیان بە سەرهاتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، مانگی سوری کوردی ئەرکی ئامادەکردنی خێوه‌ت و ستافی پزیشکی و فریاگوزاری سەرەتایی گرتۆتە ئەستۆ،  بو دانیشتوانی ناوچەکە، بەڵام توانا پزیشکییەکانیان کەمن، بەهۆی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی بەسەریاندا سەپێنراوە.

دوێنێ دووشەممە، مانگی سووری کوردی، ناوەندی پەناگە و خێمەی لە شاری قامیشلۆ و ژمارەیەک شار و شارۆچکەی دیکە ئامادە کرد، بو هەربوومەلەرزەیەکی نوێ گەر ناوچەکە بگرێتەوە.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – دارشتنەوە: قەیس عەبدوڵڵا