ئاسایشی سلێمانی دەسگیرکردنی هەشت “تیرۆریست”یان راگەیاند

سلیمانی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی گرووپێکی هەشت کەسی لە شارۆچکەی تەکیەی چەمچەماڵ رادەگەیێنێت و دەڵێت، “لە 2004ـەوە پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە کردووە و بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین کاری تاوانکاری و تیرۆریستی و دواتر بەیعەتیان بە تیرۆریستانی داعش داوە.”

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەێنراویکیان بڵاویکردووەتەوە دەڵێن، ئەو کەسانە “تاقمێکی تیرۆریستین، لە یاسا هەڵاتبوون و لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خۆیان حەشاردابوو.”

ئەو کەسانە بە پێی مادەی دووی تیرۆر دەستگیرکراون، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات “دوای رەزامەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەم کەیسەوە دەستیپێکرد و بەڵگەی دروست لەسەر پێشینەی تاقمەکە دەستکەوت و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە رۆژی 5ی ئەم مانگە، لە چەند هەڵمەتێکی جیاجیادا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوکاری هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، 8 تۆمەتباری لە یاسا هەڵاتوو کە داواکراوبوون لە دادگاکانی عێراق دەستگیرکران.”