بومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 5.6 ناوەندی تورکیای هەژاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بوومەلەرزەیەکی نوێ بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر ناوەندی تورکیای هەژاند، ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەردەوام لە هەڵکشاندان.

ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپی رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 2 کم، لە مەرعەش، غازی عەنتاب، دیاربەکر، ئەدەنە و ئورفا، روویداوە.

لە دوێنێوە تیمەکانی فریاگوزاری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکاندا بەدوای رزگاربوواندا دەگەڕێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەشی فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکە بۆ 3381 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 20426 کەس.

دوێنێ دووشەممە، تورکیا بوومەلەرزەی وێرانکەری بە پلەی جیاواز بەخۆیەوە بینی کە گەورەترینیان بە گوڕی 7.7 رێختەر بوو و پاشان لەرینەوەکان گەیشتنە سوریا و لوبنان و عێراق.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف