1515 گیانلەدەستدان و 3605 بریندار لە سوریا بە هۆی بومەلەرزەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزانەی کە سوریا لە بەیانی دووشەممەوە تا بەرەبەیانی سێشەممە بەرکەوتەی بووە، بەرزبووەوە بۆ 1515 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 3605 بریندار، وەک ژمارەیەکی سەرەتایی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی سوریا و بەرگری شارستانی ئیدلب و دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەریەوە راگەیەندرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی سوریا رایگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە بۆ 769 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 1448 کەس، لە پارێزگاکانی حەڵەب، لازقییە، حەمات، ئیدلب و گوندەواری تەڕتووس، وەک دەرئەنجامێکی سەرەتایی.
دوێنێ دووشەممە، سوریا کەوتە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەیەکی بەهێزەوە کە ناوچەی غازی عەنتابی تورکیای گرتەوە، بە گوڕی 7.7 پلە بە پێوەری رێختەر، هاوکات لەرینەوەی دوای بوومەلەرزە تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەردەوام بوو.
بومەلەرزەکە بووە هۆی داڕمانی ژمارەیەکی زۆری باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە چەند ناوچەیەکی سوریا.
تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رزگاربووان لەنێو داروپەردووی ئەو باڵەخانانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکان رووخاون، کە پێدەچێت ژمارەی کوژراوان زیاد بکات بەهۆی بوونی خێزانەکان لەژێر داروپەردوودا.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، بەرگری شارستانی لە ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکەی باکوری رۆژئاوای سوریا بۆ زیاتر لە 740 و زیاتر لە 2100 بریندار بەرزبووەتەوە.
بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بوونی سەدان خێزان لە ژێر داروپەردوودا ئەگەری زۆرە ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوونی 44 کەس لە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەڵەب، 7 کەس لە شەهبا، 4 کەس لە کۆبانی و 2 کەس لە مەنبیج.